کرماشان؛ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە دوو لاوی کورد لە کاتی شایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەبێ هیچ پاساوێک دوو لاوی کوردیان تەنیا لەبەر ئەوەی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی مۆ
هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەبێ هیچ پاساوێک دوو لاوی کوردیان تەنیا لەبەر ئەوەی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی مۆسیقایەک سەمایان کردبوو، لە پارکی شەرقی نزیک لە تاقوەسانی شاری کرماشان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بەسەختی برینداریان کردوون. ناسنامەی ئەو دوو لاوە ئارمان بەسیری و محەممەد ئەحمەدیانی ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢١ی مارسی ٢٠٢٤)، ئارمان بەسیری و محەممەد ئەحمەدیانی، دوو هاووڵاتی لاوی کوردی خەڵکی کرماشان لە کاتی شادی و سەماکردن بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لە مەودای چەند مەترییەوە کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو لاوە سەرەتا بە یەک گوللە پێکراون و کەوتوون و دواتر، هێزە ئەمنییەکان لە مەودایەکی زۆر نزیکترەوە بە هەشت گوللە تەقەیان لە لاقی ئارمان بەسیری کردووە.
ئەو دوو لاوە ئێستا لە نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان خەوێندراون و لەژێر چاودێری چڕی ئیدارەی ئیتلاعاتدان.
ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی ئەو لاوانە کردووە کە لە ئەگەری میدیایی کردنەوەی ڕووداوی تەقەی هێزە حکومەتییەکان لە منداڵەکانیان، لەگەڵ شوێنکەوتن، لێپرسینەوە و دەستبەسەرکران ڕووبەڕوو دەکرێنەوە.ا