داڵاهۆ؛ دوو برای یارسانیبە ناوەکانی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی لە چالاکانی کولتووریی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
مەیسەم وەیسی و براکەی موجتەبا وەیسی لە چالاکانی ناسراوی فەرهەنگیی کورد و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی کوردیی دەرەدرێژ لە کرماشان و هەروەها لە شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان کە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە نهێنی دەژیان، دوای گەمارۆدانی ماڵی شوێنی ژیانیان لە یەکێک لە گوندەکانی شاری داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران. چارەنووسی هاووڵاتییەکی دیکەش کە خاوەنی ماڵەکە بووە هێشتا نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، بەرانبەر بە ٢٨ی مەی ٢٠٢٦، پەناگە و شوێنی حەوانەوەی نهێنیی مەیسەم وەیسی و براکەی موجتەبا وەیسی لە گوندی «قەڵا کەوەش» سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە گەمارۆ درا و هێزە چەکدارەکان بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە چوار لاوە تەقەیان لەم ماڵە کرد و لە ئەنجامی ئەم دەستڕێژە ئامانجدارانەدا، مەیسەم و موجتەبا وەیسی دەستبەجێ گیانیان بەخت کرد.
هەروەها چارەنووسی یەکێک لە هاوڕێیانی ئەم دوو برایە بە ناوی فەرشاد حاتەمیپوور بە تەواوی نادیارە؛ تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستی، شوێنی بوونی یان دەستبەسەرکردنی ئەگەریی ناوبراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەی لە بێئاگاییەکی تەواودا دەژین.
مەیسەم و موجتەبا وەیسی لە کەسایەتییە ناسراو و خەڵکییەکان، لە شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان، لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی «دەرەدرێژ» کرماشان و لە ڕێکخەرانی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردی لەم ناوچەیەدا بوون. موجتەبا وەیسی جگە لە چالاکییە مەدەنییەکان، لە وەرزشەوانە دیارەکان و خاوەن پلەی بەرز لە بواری زۆرانبازیدا لە پارێزگای کرماشان بوو.
ئەم دوو برایە پێشتر چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانی ناسنامەخوازی و مەزهەبیی خۆیانەوە ئامانجی سەرکوت بوونەتەوە. موجتەبا وەیسی لە ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ لە کاتی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا لە پارکی شیرینی کرماشان بە توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی ١٨ ڕۆژ ڕاگیرانی تاکەکەسی و گواستنەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا، لە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ بە دانانی بارمتەی قورسی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
مەیسەم وەیسیش پێشینەی دەستبەسەرکردن و بەدواداچوونی دادوەریی هەبوو لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا لە گەڕەکی یارساننشینی دەڕەدرێژ. ئەم دوو برایە بەهۆی بەردەوامبوون لەسەر چالاکییەکانیان، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە لەژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەکاندا بوون و بەهۆی مەترسییەکانی گیانی، ناچار بوون بە نهێنی ژیان بکەن.
سڕینەوەی فیزیکی و تەقەی ڕاستەوخۆ لە پەناگەی چالاکانی مەدەنی، هەڵسووکەوتی پێشینەدارە و لە چوارچێوەی سیاسەتی تیرۆرە مەیدانی و سیستەماتیکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە بۆ سەرکوتی جیابیران و چالاکانی نەتەوەیی لە کوردستاندا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ ئیدانەکردنی توندی کوشتنی حکومەتیی مەیسەم و موجتەبا وەیسی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، ئەم کردەوەیە بە نموونەیەکی بەرچاوی لەسێدارەدانە دەرەوەی دادوەرییەکان و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەزانێت. هەنگاو بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی گیانلەدەستدانی ئەم دوو برایە دەخاتە ئەستۆی فەرماندەیی سپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان و لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بە چارەنووسی فەرشاد حاتەمیپوور، داواکاری کاردانەوەی بەپەلە و کاریگەری کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و مای ساتۆ، ڕاپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە کاروباری ئێراندایە.