ئاشکرا کردنی ناسنامەی هەشت هاووڵاتیی دیکەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی تاران و کەرەج کوژراون
هەنگاو، هەینی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
هەشت هاووڵاتیی کورد بریتی لە پێڕەوێکی ئایینی یارسان بە ناوەکانی ماهان مەردانی، مەجید جەلیلیان، مەیسم قەنبەری ڕاد، دیاکۆ قادر مەرزی، عەباس کەلهۆڕ، عابدین خەزایی، پووریا بەهاری موستەعلی و لوقمان عەلیزادە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە تاران و کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژران.
ناسنامەی ئەم هەشت هاووڵاتییە، کە هەموویان لە ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانبار کوژراون، لە لایەن هەنگاو ئاشکرا و بە وردەکارییەکانەوە بە شێوەی خوارەوەیە:
کوژراوان لە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)؛
پووریا بەهاری موستەعلی هاووڵاتی خەڵکی گوندی موستەعلی سەر بە کرماشان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە تاران لە ناوچەی تاران پارس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و بە وێکەوتنی فیشەکی جەنگی گیانی خۆی لە دەست دا. بە پێی زانیارییعکان تەرمی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار لە گۆڕستانی گوندی زێدەکەی بە خاک ئەسپێردراوە.
مەجید جەلیلیان، وەرزشوانی ٣٩ ساڵە و خەڵکی شاباد و دانیشتووی تاران، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە ناوچەی مەرزدارانی تاران لە لایەن هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان بە تووندی کەوتە بەر لێدان و لە ئاکامدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی کوژرا. شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە باوکی منداڵێکی ساوا بووە.
کوژراوان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)؛
دیاکۆ قادرمەرزی، ١٩ ساڵە، خەڵکی گوندی سادق ئاوا سەر بە دێولان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا.
هەنگاو پێشتر ڤیدیۆیەکی لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی ئەم لاوە لە زێدەکەیدا بڵاو کردەوە کە لەم ڕێوڕەسمە بەشداربووان سروودی “ئەی شەهیدان”ـیان خوێندووە و درووشمی “کاک دیاکۆ قارەمانە، شەهیدی کوردستانە”ـیان وتووە.
ماهان مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و لە پێڕەوانی ئایینی یارسان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە قەلعە حەسەن خانی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و وێکەوتنی فیشەکی جەنگی گیانی لە دەست دا.
مەیسەم قەنبەری ڕاد خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە ناوچەی پەرەندی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا. بە پێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هەنگاو تەرمی ئەم گیانبەختکراوە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار بە خاک ئەسپێردرا.
عابدین خەزایی، ٥١ ساڵە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بەشی بایۆلۆجی و خەڵکی کەنگەڤەر سەر بە کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کە فیردەوسی کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا.
لوقمان عەلیزادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی گوندی گوێ ئاغاج سەر بە شاری تیکاب لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە فیردەوسی کەرەج، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا. هاوکات، کوڕی ناوبراو، پارسا عەلیزادە، کە لەگەڵ ناوبراودا بوو، بریندار بووە. تەرمی ئەم گیانبەختکراوە لە بەرانبەر بڕی ٤٠٠ ملوێن تمەن بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە و ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، لە گوندی زێدەکەی بە خاک ئەسپێردرا.
هەرەوها، عەباس کەلهۆڕ، هاووڵاتی خەڵکی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتیی خەڵکی لە ناوچەی فیردەوسی کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا.