پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ١٠ هاوڵاتیی کوردی کوژراو لە ناڕەزایەتییەکانی تاران، کەرەج، قەزوێن و مەشهەد لەلایەن هەنگاو

٢ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ٢٣:٣٩

هەنگاو، پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

دە هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی محەممەد عەلی محەممەدیان، ئارتین عەبدوڵڵاهی، مەسعوود سادقی، میلاد ئەتمانی، ڕەسووڵ چەقاکەبوودی، بێهزاد عەباسی گۆراجووبی، حەسەن عەلی نەوروزی، ڕەزا ڕوستەمیان، میهرداد کرماجانی و هاوڵاتییەک بە نازناوی "ڕۆحانی" لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارەکانی تاران، کەرەج، مەشهەد و قەزوین بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان کوژران.

ناسنامەی ئەم دە هاوڵاتییە کە زانیارییەکانیان گەیشتووەتە هەنگاو و دوای لێکۆڵینەوەی وردی ئەم ڕێکخراوە پشتڕاست کراوەتەوە، وردەکارییەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، هاوڵاتییەک بە ناوی حەسەن عەلی نەورۆزی سامڵە، تەمەن ٥٤ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی مەشهەد، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراوە. هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی ئەم گیانبەختکردووە بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی بە خاک سپێردراوە.

لە هەمان ڕۆژدا هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی میهرداد کرماجانی، خەڵکی کەنگەڤەر لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و لە ناوچەی گەوهەردەشتی کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران گیانی لەدەست دا.

لە لایەکی دیکەوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، بێهزاد عەباسی گۆراجووبی، خەڵکی شارستانی قەسری شیرین و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی کوژراوە.

ڕەسووڵ چەقاکەبوودی، هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان، ئەویش لە هەمان ڕۆژدا لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کەرەجدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراوە.

هەر ئەو ڕۆژە محەممەد عەلی محەممەدیان، تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی گوندی قەرەول سەر بە شارستانی دیواندەرە و دانیشتووی تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان کوژرا. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە زێدی خۆی بە خاک سپێردراوە.

هەروەها مەسعوود سادقی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شارستانی سەرپێڵی زەهاو سەر بە کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی کوژرا. تەرمی ئەم هاوڵاتییە دوای هەفتەیەک گەڕان و دواجار دوای سەردانی بنەماڵەکەی بۆ پزیشکی دادوەری، ناسرایەوە.

شایانی باسە کە تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لە گۆڕستانی گوندی "کۆسەکانی پاتاق" سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاو بە خاک سپێردرا.

لە لایەکی دیکەوە ڕەزا ڕوستەمیان، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی شارستانی سیروان سەر بە ئیلام و دانیشتووی تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شەقامی ١٧ی شەهریوەر و مەیدانی خۆراسانی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان کوژراوە. یەکێک لە نزیکانی ئەم گیانبەختکردووە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بە خاک سپێردراوە.

ئارتین عەبدوڵڵاهی، خوێندکاری خەڵکی سەردەشت، ئەویش لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراوە.

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، بنەماڵەی ئەم گیانبەختکردووە لەژێر گوشار و هەڕەشەی توندی ئەمنیدان تا لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و میدیاییکردنی وردەکارییەکانی کوژرانی کوڕەکەیان خۆیان بەدوور بگرن.

لە هەمان ڕۆژدا، هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی مییلاد ئۆتمانی، خەڵکی سەڵماس، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا بریندار و دەستبەسەر کرابوو و تەرمەکەی دوای ١٢ ڕۆژ، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار بەبێ هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەک، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنی، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی نەبووە و دواجار لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە بانگ کراون و تەرمەکەیان ڕادەست کراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییە گەیشتووەکانی هەنگاو هاوڵاتییەکی دیکە بە شۆهرەتی "ڕۆحانی" خەڵکی گوندی کاشتەر سەر بە کامیاران لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە قەزوێن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی ئەم گیانبەختکردووە لە گوندی وەرمەهەنگی سەر بە کامیاران بە خاک سپێردراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە