ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی موهەنا دوکوشکانی، ئارمین دادفەر و ئومید شوجاعیان لە شارەکانی کرماشان و بەدرە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی رێبەندانی ٢٧٢٥
سێ هاووڵاتی کوردی دیکە بە ناوەکانی موهەنا دوکوشکانی، ئومید شوجاعیان و ئارمین دادفەر لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شارەکانی بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو کە پاش بەدواداچوون لە لایەن تیمی پشتڕاستکردنەوەی هەنگاو پشتڕاستکراوەتەوە، ناسنامەی ئەم سێ هاووڵاتییە گیانبەختکراوە کە بریتین لە ژنێک و دوو پیاو، بەم شێوەیەیە؛
موهەنا دوکوشکانی ١٨ ساڵە و خەڵکی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژرا.
سەرچاوەکانی هەنگاو ِ ڕایانگەیاندووە کە ئەم ژنە لاوە لە “گەڕەکی سەعدی” بە فیشەکی جەنگی پێکراوە و تەرمی ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانبار لە گۆڕستانی “باخی فیردەوسی کرماشان” و بە بەشداریی ژمارەیەکی کەم لە نزیکانی ناوبراو و هەروەها لە ژێر چاوەدێری قورسی ئەمنییدا بە خاک ئەسپێردرا.
هەمان ڕۆژ (١٨ی بەفرانبار)، ئارمین دادفەر، لاوی کورد و ٢١ ساڵە خەڵکی گوندی “سەرتەنگ” سەر بە شاری بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا. ناوبراو کەوتووەتە بەر ئامانجی فیشەکی جەنگی.
هەروەها ئومید شوجاعیان لاوی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار (٩ی جەنیوەریی) لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژرا. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم لاوە لە گەڕەکی مەسکەنی کرماشان ولە بەرانبەر دوکانەکەی خۆی بە چەکی جەنگی کراوەتە ئامانج.