پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ١٢ هاوڵاتیی کوردی کوژراو لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرماشان لەلایەن هەنگاوەوە

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٩:١٢

هەنگاو، هەینی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

دوازدە هاوڵاتیی کورد خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی نازەنین زارا ساڵحی ١٣ ساڵ، محەممەد مەتین باقری ١٦ ساڵ، فەرهاد نەزەری گۆراجوویی، حەسەن نووری، حەمیدڕەزا یووسفی، پێدرام ئارغا، فەرهاد چراغی، سەیاد فەرامەرزی، بێهرووز نەریمانی‌مێهر، ئەمیرعەلی عەباسی‌فەر، غوڵامحوسێن ئەحەدی و عەلیڕەزا ئیفتیخاری لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژران. لانی کەم چوار کەس لەم هاوڵاتییانە لە پەیڕەوانی ئایینی کوردیی یارسانن و بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتانە ژمارەی گیانبەختکردووانی ئەو شارە گەیشتە ٤٥ کەس.

ناسنامەی ئەم ١٢ هاوڵاتییە کە هەموویان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا کوژراون، لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە و وردەکارییەکانی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 

کوژران لە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی ژانوییەی ٢٠٢٦)؛

نازەنین زەهرا ساڵحی، منداڵی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی کرماشان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا لە بلواری کەیھانشەهر، لەکاتێکدا کە لەناو پارکێکدا بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە مەودای نزیکەوە کوژراوە. سەرچاوەکانی هەنگاو پشتڕاستیان کردووەتەوە کە نازەنین زەهرا لەژێر سەرپەرشتیی (پوری)دا بووە و چەند ساڵ لەمەوبەر دایک و باوکی لەدەست داوە.

تەرمی ئەم منداڵە ڕۆژی شەممە ٢١ی بەفرانبار بە ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵکی کرماشان لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی ئەو شارە بە خاک سپێردراوە.

پێدرام ئارغا، پزیشکی ددانی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی کرماشان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا، لە بەردەم دەرگای دەرمانگەی تایبەتی خۆیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و بە بەرکەوتنی دوو فیشەکی جەنگی گیانی لەدەست دا. تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار لە گۆڕستانی سەراب تیران هەڵکەوتوو لە ناوچەی کوزرانی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.

شایانی باسە کە بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییەش وەک زۆرێک لە بنەماڵەکانی دیکەی گیانبەختکردووان کەوتبوونە ژێر گوشار تا وەک هێزی بەسیج بیناسێنن

 

کوژران لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)؛

محەممەد مەتین باقری، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە بازاڕی مەسکەنی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان دوای تەقەکردن لەم منداڵە، سەرەڕای خوێنبەربوونی توند، گواستوویانەتەوە بۆ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوان و پاشان تەرمەکەیان لە پەنای شاڕێگەیەکدا فڕێ داوە. تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار لە گۆڕستانی باغی فیردەوس، بلۆکی ١٩ بە خاک سپێردراوە.

فەرهاد نەزەری گۆراجوویی، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی گەورەجووی سەر بە شارستانی داڵاهۆ و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارۆچکەی موعەللیمی کرماشاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی گیانی لەدەست دا.

بێهرووز نەریمانی‌مێهر، ٣٣ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و سەیاد فەرامەرزی، ٣٦ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ساوا، هەردووکیان خەڵکی شارۆچکەی دەرەدرێژی کرماشان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانیان لەدەست دا.

عەلیڕەزا ئیفتیخاری، حەسەن نووری و ئەمیرعەلی عەباسی‌فەر هەر سێکیان خەڵکی کرماشان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی کوژران. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان حەسەن نووری لە گەڕەکی شەریعەتی ئەو شارەدا سەرەتا بە تەقەی فیشەکی جەنگی قاچی بریندار بووە و پاشان بە گوللەی خەلاس، کوژراوە.

غوڵامحوسێن ئەحەدی، هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان و مامۆستای خانەنشینکراو، لە مەیدانی مەرکەزیی ئەو شارەدا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگیی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

حەمیدڕەزا یووسفی، هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان لە کاتی هەمان ناڕەزایەتییەکاندا لە گەڕەکی ئیلاهییە بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە کوژرا.

فەرهاد چراغی، هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا لە بلواری تاقوەسان کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و بە بەرکەوتنی چوار فیشەکی جەنگی لە بەشی سکی، گیانی لەدەست دا.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی کرماشاندا، تا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ٤٥ کەس لە گیانبەختکردووان لەو شارەدا پشتڕاست و بڵاو بکاتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە