سیاوەش حەیاتی، چالاکی کورد دوای تێپەڕکردنی ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازادکرا

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان و بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، دوای تێپەڕکردنی

١٦ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢٢:٢٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسان و بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، دوای تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ ( ٦ی مارسی ٢٠٢٤ ), سیاوەش حەیاتی، چالاکی یارسان دوای تەواوبوونی سزای یەک ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان ئازادکرا.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی بەندیخانەی دیزڵئاوا لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، بێجگە لە ڕێگری لە ناردنی سیاوەش حەیاتی بۆ مەرەخەسی، لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە ناوبراویش ڕێگری دەکەن.

سیاوەش حەیاتی لە ڕێکەوتی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، دوای دەستبەسەرکرانی لە لقی یەکی ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری شاباد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواستراوە.

پێشتر، ئەم چالاکە یارسانییە، لەلایەن لقی ٥ی دادگای شۆڕشی کرماشان لە شاباد بە تۆمەتی "چالاکی میدیایی دژ بە حکومەت لە ڕێگای چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵ و میدیا دژبەرەکانی حکوومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، لە ڕێگای کرماشان بۆ سەحنە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای ٣٣ ڕۆژ بەدانانی بارمتە لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان ئازادکرا.

ناوبراو پێشتر واتە ڕۆژی هەینی، یەکی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە گوندی "ورگمە" سەر بە شاری داڵاهۆ دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، بە دانانی وەکالەت لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان ئازادکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە