کرماشان؛ دەستبەسەرکرانی فروود وەیسی و فەرهاد غەفووریزاده هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی موجتەبا و مەیسەم وەیسی
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان، دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی موجتەبا و مەیسەم وەیسی دوو برای پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوەکانی فروود وەیسی و فەرهاد غەفووریزاده، لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئەم دوو برایە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە کرماشان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ئێوارەی ڕابردوو، چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٨ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، فروود وەیسی ٣٥ ساڵ، برای موجتەبا و مەیسەم و فەرهاد غەفووریزاده کوڕی پووریان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری کرماشان دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکرانی فروود وەیسی و فەرهاد غەفووریزاده لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە بنەماڵە و کەسوکاری ئەم گیانبەختکردووانە خەریکی ئامادەکاری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی مەیسەم و موجتەبا وەیسی بوون؛ ڕێوڕەسمێک کە بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوە بچێت.
دوای تێپەڕبوونی چەندین کاتژمێر بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر ناوەندی دەستبەسەرکەر، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەیان لە دۆخێکی بێئاگایی و نیگەرانیی زۆردا دەژین.
مەیسەم و موجتەبا وەیسی، لە چالاکوانانی مەدەنی، پەیڕەوانی ئایینی یارسان و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی شارۆچکەی «دەرەدرێژ»ی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، لە دوای گەمارۆیەکی قورس و تەقەی بەئامانجی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نهێنییان لە گوندی «قەڵای کەوەش»ی داڵاهۆ، گیانیان لەدەست دا. ئەم دوو برایە بەهۆی چالاکییە مەدەنی، ئایینی و وەرزشییەکانیان (پاڵەوانی زۆرانبازی) پێشینەی دەستبەسەرکرانی یەک لە دوای یەکیان هەبووە و لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە، بەهۆی بەدواداچوونە ئەمنییەکانەوە گیانیان لە مەترسی دابوو، ناچار بە ژیانی نهێنی بوون.