شاباد؛ دەستبەسەرکرانی یووسف غەریبی هاووڵاتی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٢٣:٢٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

یووسف غەریبی، هاووڵاتیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاباد دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەوروبەری کاتژمێر دەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، یووسف غەریبی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٧ ساڵە، خەڵکی گوندی چەنگووڕ جەلیلوەند سەر بە شاری داڵاهوو و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاباد دەستبەسەر کرا.

بە وتەی چەندین سەرچاوەی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لە شوێنی کارەکەی لە شارۆچکەی پیشەوەرانی ئەم شارە ئەنجام دراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی یووسف غەریبی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ناوبراو تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە