کرماشان؛ سەجاد وەیسی و شایان وەیسی، دوو چالاکی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار تۆمەتی موحاربە خراوەتە پاڵیان

٨ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٢٣:٢٧

هەنگاو؛ هەینی ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

دوو گەنجی چالاکی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە ناوەکانی سەجاد وەیسی و شایان وەیسی کە ئامۆزای یەکترین، دوای چوار مانگ دەستبەسەرکران لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان بە «موحارەبە» تۆمەتبار کران. ئەم دوو کەسە مەترسیی سەپاندنی سزای قورس وەک سێدارەیان لەسەرە. سەجاد برای مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی دوو چالاکی کولتووریی ناسراوی کوردە کە لە داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان بەخت کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دۆسیەی دادوەریی سەجاد وەیسی ٣٠ ساڵە و شایان وەیسی بە تۆمەتی قورسی «موحارەبە» بۆ دادگای شۆڕشی کرماشان ناردراوە. ئەم تۆمەتە ئەمنییە بەپێی سیناریۆسازیی ناوەندە ئەمنییەکان و دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا، دژی ئەم دوو هاووڵاتییەی  پێڕەوی ئایینی یارسان خراوەتە ڕوو و نیگەرانییەکی قووڵی لەنێو بنەماڵەکەیاندا سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا دروست کردووە.

شایان وەیسی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا و سەجاد وەیسیش ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٦(٢٢ی فێبریەوەری ٢٠٢٦)، لە ڕێگەی دەرەدەرێژ بۆ سەرپێڵی زەهاو و لە کاتێکدا کە بەرەو ماڵی خەزووری دەڕۆیشت، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. جێگای ئاماژەیە کە، شایان وەیسی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کرماشان بووە.

جێگەی ئاماژەیە کە، سەجاد وەیسی، برای بچووکی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسییە؛ دوو چالاکی کولتووریی ناسراوی یارسان کە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر پەناگە نهێنییەکەیان لە گوندی «قەڵا کەوەش»ی داڵاهۆ، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کوژران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ و جددی سەبارەت بە مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە بۆ سەجاد وەیسی و شایان وەیسی، خستنەپاڵی تۆمەتی ناڕەوای «موحارەبە» بۆ ئەم دوو گەنجە ناڕازییە بە توندی شەرمەزار دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە