کرماشان؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سەجاد وەیسی لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان

٨ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٣:٤٩

هەنگاو؛ هەینی ۸ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵

سەجاد وەیسی، هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری کرماشان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۳ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (۲۲ی فێبریوەریی ۲۰۲۶)، سەجاد وەیسی، هاووڵاتیی تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان، لە لایەن هێزە حکومەتییەکان لە ڕێگای کرماشان بۆ سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لە حاڵێکدایە کە لەگەڵ هاوژینەکەی لە گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان بەرەو ماڵی خەزووری لە سەرپێڵی زەهاو بە ڕێگاوە بوون.

شایەنی باسە کە، بارودۆخی تەندروستیی هاوژینی سەجاد وەیسی، لە ئەنجامی بەکارھێنانی توندوتیژیی هێزە حکومەتییەکان و بەهۆی شۆک و دڵەڕاوکێ ناجێگیرە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە