ساوە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیلیا کەرەمی، منداڵی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان

٢٤ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٢:٣٣

هەنگاو؛ هەینی ۲۴ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵

ئیلیا کەرەمی، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی کورد و خەڵکی داڵاهۆ و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۳۵ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۳۵ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئیلیا کەرەمی، تەمەن ۱۷ ساڵ و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی ساوە، تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە لەو بارەدا خۆ دەبوێرن. ناوبراو خەڵکی گوندی بانزەلانی شاری داڵاهۆیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئیلیا کەرەمی، ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۸ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لە شاری ساوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

شایەنی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و درێژەی ئەو ڕەوتە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە تەندروستی، گیان و چارەنووسی ناوبراو زیاتر کردووە.

تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو منداڵە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە