ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکردنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردی یارسان لەوانە دوو ژن لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

٢٤ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٢:٣٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥

سەید فەرشاد شەفیعی، ئیلهام مێهرابی و سەیدە غەزەل شەفیعی، ئەندامانی بنەماڵەیەکی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کرێند (داڵاهۆ) دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، سەید فەرشاد شەفیعی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری کرێند، ئیلهام مێهرابی هاوسەری و سەیدە غەزەل شەفیعی کچیان کە تەمەنی ٢٣ ساڵە و ژەنیار و مامۆستای تەمبوورە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان لەو شارەدا، دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و پاش تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە دوای بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە هێمنانە جەماوەرییەکانی شاری کەرەند، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە و هەروەها بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەیان لەم بارەیەوە بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە