کرماشان؛ دەستبەسەرکردنی مێهرداد ڕەسایی، برای ڕەزا ڕەسایی یەکێک لە لەسێدارەدراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی
هەنگاو، یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
مێهرداد ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان، خەڵکی شاری کرماشان و برای ڕەزا ڕەسایی لە سێدارەدراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مێهرداد ڕەسایی، ئەندامی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە ١٧ ڕۆژ پێشەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گواستراوەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە، میهرداد ڕەسایی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
ڕەزا ڕەسایی زیندانیی سیاسیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری سەحنە، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا.