دیواندەرە؛ سەپاندنی سزای ٤٠ مانگ بەندکران بەسەر ئومێد قەدیمی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان

ئومێد قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری دیواندەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆم

١٠ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢١:٤١

هەنگاو؛ هەینی ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

ئومێد قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری دیواندەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای٤٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئومێد قەدیمی، تەمەن ٣٣ ساڵ و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی دیواندەرە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵە" سزای ٣٢ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٨ مانگ بەندکران و سەرجەم سزای ٤٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ناوبراو بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بەمەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی، پێبژاردنی بڕی پارەی ٨ ملیۆن و پێنسەد هەزار تمەن سزای نەختینەی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا، بەرانبەر بە ٣٢ مانگ بەندکران بۆ ئومێد قەدیمی جێبەجێ دەکرێت کە دوو لە سێی ئەو ماوە، بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵپەسێندراوە.

ئومێد قەدیمی، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لە کاتی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سوپای پاسداران لە سنە گواسترایەوە.

لە ئاکامدا ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤، بەدانانی بارمتەی دوو ملیار و سێسەد ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

فواد قەدیمی، برای ئومێد قەدیمی، ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە دیواندەرە بریندار کرا و ڕۆژی ٣٠ی ئەو مانگە، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە