بۆکان؛ سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و هێمن ئیبراهیم حەمزە
هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، و هێمن ئیبراهیم حەمزە، هەر یەک سزای سێ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور و هێمن ئیبراهیم حەمزەە تەمەن ٣٨ ساڵ، هەر یەک لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکانەوە سزای سێ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێمن ئیبراهیم حەمزەە خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" و ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور خەڵکی گوندی "ئاڵیکەند"ی سەر بە شاری بۆکان، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤، هێمن ئیبراهیم هەمزە و ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەیان و بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان، دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە، ئەو دوو هاووڵاتییە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەیان ئازاد کران.
ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە. محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، دوای ٥ ڕۆژ لە کۆمادابوون لە نەخۆشخانەی قوولیپووری بۆکان، بەهۆی ئەشکەنجەدرانی لە دەستبەسەرگەی ئەمنیدا گیانی لەدەست دا. هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ناوەندە ئەمنییەکان سەرەڕای ئەشکەنجەدانی سەختی ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی سێ حەفتە لە پێدانی ئاو بە ناوبراو ڕێگرییان کردبوو و هەر بەو هۆیەوە کەوتبووە کۆماوە.