ماشەڵڵا کەرەمی لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازاەکان سزای ٦ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێندرا
هەنگاو؛ سێشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤
ماشەڵڵا کەرەمی باوکی محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرەمی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ٩ مانگی پێشەوە دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای ٦ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ماشەڵڵا کەرەمی هاووڵاتیی کورد و دانیشتووی کەرەج، لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەج، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "هەوڵدانی دژ بە حکوومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێنراوە.
بەپێی زانیارییەکان، حکوومەت دەستی بەسەر تەواوی ماڵ و دارایی و ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی ئەم بنەماڵە دادخوازە گرتووە و زەوتی کردووە. ماشەڵڵا کەرەمی پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی شاری نەزەرئاوا بە "بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی" تۆمەتبار کرابوو.
پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە گوشارەکان لەسەر باقی ئەندامانی بنەماڵەی ماشەڵڵا کەرەمی زیاتر کراوە و هەژمارە بانکییەکەیان داخراوە. هەروەها کەلووپەلە دیجیتالییەکانیان لێ وەرگیراوە و هێشتا پێیان نەدراوەتەوە و لە دەستی وەزارەتی ئیتلاعاتدایە.
ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراویەوە. چەند ڕۆژ پێش ئەوەش، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و دوای پشکنینی ماڵەکە، ژمارەیەک لە کەلووپەلی تاکەکەسیی محەممەد مەهدی کەرەمییان لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دوای پشکنینی ماڵەکەی و زەوتکرانی مۆبایل و هێندێک کەلووپەلی دیکەی تاکەکەسی، دەستبەسەر کرا و لە ئەنجامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، گواسترایەوە.
محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرمی، لاوی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ و تەمەن ٢١ ساڵ، لەگەڵ محەممەد حوسێنی، تۆمەتبارێکی سەرەکیی دیکەی ئەو دۆسیە بەناو "کوشتن"ی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، لە ئەندامانی بەسیج، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و دوای ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوون، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەسێدارە دران. ئەم دوو لاوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوون.