بۆکان؛ مەتین حەسەنی، یەکێک لە زیانکەوتووانی ناڕەزایەتییەکان سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٤٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

مەتین حەسەنی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و بریندارێکی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٨، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣١ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانە مەتین حەسەنی، خەڵکی بۆکان لەلایەن لەقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەم شارە سزای ٣١ مانگ بەندکران بە سەردا سەپێنراوە.

مەتین حەسەنی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤، لە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتنی بە تۆمەتی «فریودانی یان هاندانی خەڵک بە شەڕ و کوشتار لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات» و «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» ئامادە بوو.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٣ ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٣ی ژانویەی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە دادخوازە، دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممەی ڕابردوو، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، مەتین حەسەنی، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خوێناوی خەزەڵوەری ٢٧١٨، بە تەقەی چەکدارانی ئێران، چاوی چەپی بریندار کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ٢٧١٨، لە کاتێکدا کە بۆ چارەسەریی چاوە بریندارەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوەندێکی دەرمانی دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە