دێلوڕان؛ دەستبەسەرکرانی کیانووش چراغی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

کیانووش چراغی کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کرابوو و سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراب

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٣:١٢

هەنگاو؛ شەممە ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

کیانووش چراغی کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کرابوو و سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممەی حەفتەی ڕابردوو ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٤)، کیانووش چراغی هاووڵاتی خەڵکی شاری دێلوڕان دوای بانگکران بۆ ژووری جێبەجێکاری سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی دوو ساڵەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواستراوەتەوە.

کیانووش چراغی، فەرمانبەری پێشووی ئیدارەی دابینکاری کۆمەڵایەتی، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٤ ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرابوو.

شایەنی باسە کە کیانووش چراغی کە پێشتر فەرمانبەری ئیدارەی دابینکاری کۆمەڵایەتی دێلوڕان بوو، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستی لە کارەکەی کێشاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە