مەهاباد؛ ناسر ئەحمەدزادە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزای بەندکرانی دەستبەسەرکرا

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢٣:١١

هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

ناسر ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزای ١٥ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە. 

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، ناسر ئەحمەدزادە، ٣٤ ساڵە و باوکی منداڵێک بۆ جێبەجێ کردنی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.

ناسر ئەحمەد زادە پێشتر بە تۆمەتی « هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە ٣٩ مانگ بەندکران سزا درا. ئەم سزایە پاش قەبووڵکردنی سزای سەپێندراو لەلایەن دادوەرەوە، بۆ ١٥ مانگ بەندکران کەم کرایەوە. 

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ ( ٢٦ی ژانویەی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی دەستبەسەرکرابوو و ١٢ی ڕەشەممە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا. 

ناسر ئەحمەد زادە هەروەها لە بەرەبەیانی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، لە یەکێک لە شەقامەکانی مەهاباد بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەریی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ئاکامدا ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە