مەریوان؛ محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکران دەستبەسەرکران
هەنگاو؛ شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥
محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەریوان بە مەبەستی سزای سێ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران. ئەو دوو کەسە پێشتر بە هۆی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان دەستبەسەر کرابوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕؤژی شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، محەممەد نیکپەی تەمەن ٢٨ ساڵ و محەممەد ئەشتەک تەمەن ٢٣ ساڵ هەر دوو خەڵکی گوندی نێ سەر بە شاری مەریوان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران کە پێشتر بەسەریاندا سەپابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترانەوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت'' هەر کامەیان سزای سێ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو. ئەو سزایە تەنیا بە هۆی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی سەردۆش بە سەر ئەو دووکەسەدا سەپاوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ڕەوتی دادگایی کردنی ئەم دوو هاووڵاتییە بە شێوەیەکی نایاسایی و تەنانەت بەبێ بەشداریکردنی خۆشیان ئەنجام دراوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی کە ئەم دوو کەسە لەکاتی دەستبەسەرکرانیان بە سەختی ئەشکەنجە دراون و تەنانەت دنەکانیان شکاوە.
محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک ڕؤژی هەینی ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٢١ی مارسی ٢٠٢٥) لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە کوردستان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون.