سایینقەڵا؛ ڕاپۆرتێک لەسەر سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە و شەهرام سوڵتانی

٢٤ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٣:٠٢

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۴ی خەرمانانی ۲۷۲۵

عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە و شەهرام سوڵتانی، سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سایینقەڵا، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان، دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گواسترانەوە. ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردستان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای سێ ساڵ و دوو مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۴ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە و شەهرام سوڵتانی، خەڵکی گوندی «حاجی ئابادی جەغەتوو» سەر بە شاری سایینقەڵا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گواسترانەوە.

پێشتر عوسمان عەباسی و ڕەحمان خوسرەوی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سایینقەڵا هەر یەک سزای ۷ مانگ و ۱۶ ڕۆژ بەندکران، هێمن عەلیزادە سزای ۱۵ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و شەهرام سوڵتانی سزای ۹ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییانە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت»یان دراوەتە پاڵ و بەڵگەی ئەنجامی ئەو تۆمەتە بەشداری کردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ڕاگەیەندراوە.

عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە و شەهرام سوڵتانی کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۰ی بانەمەڕی ۲۷۲۴ (۹ی مەی ۲۰۲۴)، لە گوندی حاجی ئابادی جەغەتوو سەر بە شاری سایینقەڵا دەستبەسەر کران.

ئەو هاووڵاتییانە کە بە بەکارھێنانی توندوتیژی و هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و ماڵەکانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە پشکێندرابوو؛ هەندێک دواتر بەدانانی بارمتەی قورسی سێ ملیار تمەنی بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو ئازاد کرابوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە