سەپاندنی سزای ١١ ساڵ بەندکران بەسەر مێهرزاد مووسەوی نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شیراز

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢١:١١

هەنگاو؛ شەممە ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

مێهرزاد مووسەوی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شیراز، لە پێنج مانگ پێشترەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا، سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و سەرەڕای بارودۆخی دژواری تەندروستیی لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز ماوەی سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مێهرزاد مووسەوی، نووسەری خەڵکی شیراز، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری شیراز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرا.

مانگی بەفرانباری ٢٧٢٣، مێهرزاد مووسەوی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری شیراز بە تۆمەتەکانی "ئەندامبوون لە ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری حکومەت" و "پێکهێنانی باند و گرووپ"، بۆ هەر یەک سزای پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ئەو نووسەرە سزای قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە ئێران، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت، قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوورخستنەوەی بۆ بەردسیری کرمان، هەر یەک بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندراوە.

مێهرزاد مووسەوی ئێستا لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز مانگی پێنجەم لە سزای بەندکرانەکەی خۆی تێپەر دەکات و بەهۆی نەخۆشی و دۆخی خۆراک لەو بەندیخانە، لە بارودۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردا بەسەر دەبات.

شایەنی ئاماژەپێدانە کە، مێهرزاد مووسەوی نووسەری دوو کتێبی "ئێران لە دوو هێرش" و "مژارێک لەسەر پێشینەی هونەری هێخامەنشییەکان"ە و لە بواری مێژوویی و کولتووریدا لێکۆڵینەوەی بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە