سەقز؛ کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی و لە چالاکانی میدیایی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەیوان ڕەحیمی، خەڵکی شاری سەقز لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی موجتەبا غەفاری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
کەیوان ڕەحیمی بەهاری ئەمساڵ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە بێ دەستپێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتایییەکانی خۆی، تێپەڕاند.
ئەم چالاکە میدیاییە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گوڵانی ٢٧٢٤ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیلاعات لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا.
ناوبراو دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی دوو ملیاری بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
کەیوان ڕەحیمی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، بە پشتگیری لە چالاکییە مەدەنییەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حەجازی و ئازاد ئەمینی و هەروەها خوازیاری کۆتاییهاتنی دەستبەسەرکرانی کاتیی ئەم هاووڵاتییانە، لە کەناڵی تێلێگرامی "پرسمان سەقز" کە ناوبراو بۆ خۆی یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانییەتی، دەستبەسەر کرابوو.