مستەفا حەمدی؛ چالاکی میدیایی کورد سزای ١٠ مانگ بەندکران و ٧٠ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٧:٢٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

مستەفا حەمدی چالاکی مەدەنی و میدیایی خەڵکی سەقز، بەڕێوەبەری گرووپی پرسمان و "کەمپینی خەڵکیی پرسمان" لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە سزای ١٠ مانگ بەندکران، ٧٠ زەربە قامچی و پێبژاردنی پارە مەحکووم کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا مستەفا حەمدی، چالاکی میدیایی کورد لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی ٢ی سەقز بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی کۆبوونەوەی نایاسایی" سزای ١٠ مانگ بەندکران و ٧٠ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ئەم ساڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژی حکومەت" سێ مانگ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر ئەم حوکمە بە پێبژاردنی ٧ ملیۆن پارە گۆڕدرا.

مستەفا حەمدی بەڕێوەبەری کەناڵی "پرسمان"ی سەقز ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لە هۆڵی میلادی ئەم شارە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١١ی مەی ٢٠٧٤)، دوای ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە میدیاییە لە گەلاوێژی ٢٧٢١ (٤ی ئاگۆستی٢٠٢١)، لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە گشتی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ١٦ مانگی شیاوی جێبەجێکردن بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە