تاران؛ مستەفا نێعمەتی، ڕۆژنامەوانی خەڵکی ئاودانان سزای ٦٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٣ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٤:١٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

مستەفا نێعمەتی، ڕۆژنامەنووس و ئابووریناسی کورد و خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایانەدا مستەفا نێعمەتی، تەمەن ٤٨ ساڵ لە لایەن دادگای تاوانەکانی تاران بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەت بە ٨ مانگ بەندکران، بێڕێزی بە پیرۆزییەکان بە ٤٠ مانگ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بە ١٦ مانگ بەندکران و ١٥ ملیۆن پێبژاردنی پارە و بە گشتی بە ٦٤ مانگ سزای بەندکران مەحکووم کراوە.

بە پێ یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا بەرانبەر بە ٤٠ مانگ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مستەفا نێعمەتی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی لە لایەن لقی ١ی بەڕێوەبردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بۆ بەندیخانەی ئێڤین بانگکراوە.

مستەفا نێعمەتی، ئابووریناس و نووسەر لە ڕۆژنامەی "تجارت فردا" و لە ئەندامانی گرووپە شاخەوانییەکانی ئاودانانە.

هەروەها، مورتەزا نێعمەتی، مامۆستای زانکۆ و برای ئەم ڕۆژنامەوانە ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە وانەوتنەوە بێبەش کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە