بۆکان؛ ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد هەر کامەیان سزای ۲ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ۱۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان کە پێشتر نزیکەی ۳ مانگ لە دەستبەسەرکراندا بوون، هەر کامەیان سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەحیم شیلانی تەمەن ۴۹ ساڵ و ئازاد ڕەسووڵیفەرد تەمەن ۴۵ ساڵ، لەلایەن لقی دووەمی دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی «کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی سەتەلایتی ستارلینک» هەر کامەیان سزای ۲ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ۱۰ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۳۰ی جەنیوەریی ۲۰۲۶) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بەبێ پێشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کران و دوای تێپەڕاندنی ۵۲ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا، لە ڕێکەوتی ۳ی نەورۆزی ۲۷۲۶ بۆ بەندیخانەی بۆکان گواسترانەوە.
ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد دواجار کۆتایییەکانی نەورۆزی ۲۷۲۶ دوای نزیکەی ۳ مانگ دەستبەسەرکران و بێبەشکرانی تەواو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی قورسی ۳ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.