نەوسوود؛ برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان
١٢ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٠٩:٥٣
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی جەماڵ قادری، بورهان وەیسی و حەبیب شیری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٩ی مارسی ٢٠٢٤)، جەماڵ قادری کۆلبەری خەڵکی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار کرا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو پشتی بریندار کراوە و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە گواستراوەتەوە.
هەروەها ئێوارەی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٧ی مارس)، دوو کۆڵبەر بەناوی حەبیب شیری خەڵکی جوانڕۆ و بورهان وەیسی خەڵکی ڕوانسەر، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە سنووری نەوسوود بریندارکران.