نەوسوود؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
کۆڵبەرێک بە ناوی ئەسعەد فیروزبەخت، خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە کاتی ڕۆیشتن بۆ کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە و بە هۆی سەختیی برینەکەی بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ئەسعەد فیروزبەخت، کۆڵبەر و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە ئەنجامی تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری "نەوسوود" بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەسعەد فیروزبەخت، بەبێ ئاگاداری پێشوەختە بە گوللەی ساچمەیی شان و پشتی کراوەتە ئامانج و زیاتر لە ١٠٠ ساچمەی پێکەوتووە.