جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ١٨بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا

١٢ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٩:٢٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی پێشوو کە ١٠ بەندکراو لە سێدارە درابوون، ٨ حاڵەت واتا ٨٠٪ زیاتر بووە.

هەنگاو لەسەر ئەو بڕوایە کە بەهۆی دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزان، لەو مانگەدا خێرایی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدران کەمتر بووە و ئەگەری زیاتربوونەوەی دووبارەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکان دوای مانگی ڕەمەزان زۆرە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ١٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراوە. شایەنی باسە کە، ناسنامەی ١٧ کەس لەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. تەنیا ناسنامەی ژنێکی خەڵکی جۆلفا کە لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز لە سێدارە دراوە ئاشکرا نەکراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی مارسدا لانی کەم سزای سێدارەی ٥ بەندکراوی تورک، ٤ بەندکراوی کورد و ٣ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە. هەروەها لانی کەم سێ هاووڵاتی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

لە مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی جۆلفا کە هێشتا هەنگاو بۆ ناسنامەی بەدواداچوون دەکات، لەگەڵ هاوژینەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێکرا. هەروەها سزای سێدارەی پیاوێک بەناوی سەعید (ناوبانگ نادیار) بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێکرا.

زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بووە کە لە مانگی مارسدا ٣ حاڵەت جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی ئەو پارێزگایەدا تۆمارکراوە. لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئیلام، ئورمیە ئەلبۆرز، فارس، ئیسفەهان و زەنجان هەر یەک دوو حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارە تۆمارکراوە. لە بەندیخانەی پارێزگاکانی قەزوین، گوڵستان و سیستان و بەلووچستان هەرکام یەک حاڵەت تۆمارکراوە.

لە سەرجەم ئەو ١٨ بەندکراوەی لە مانگی مارسدا لە سێدارە دراون تەنیا یەک حاڵەت بەرانبەر بە ٥.٥٪ی سەرجەم حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمیەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە.

 

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە مانگی مارسدا بەندکراوێک بە تۆمەتی سیاسی و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراوە و زیاترین لە سێدارەدرانەکان پەیوەندییان بە سزای کوشتنی بە ئەنقەستەوە بووە کە ١٠ حاڵەت واتا ٥٥.٥٪ هەمووی حاڵەتەکان بووە.

سیخوڕی بۆ ئیسرائیل: یەک حاڵەت

تۆمەتبارانی کوشتنی بە ئەنقەست: ١٠ حاڵەت

تۆمەتبارانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٧ حاڵەت


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە