جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۱۰۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ۲۰۲۶
هەنگاو؛ شەممە ۱۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۶
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۰۹ بەندکراو بریتی لە ۵ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی لانی کەم ۱۰ حاڵەت بەرانبەر بە ۱۰٪ زیاتر بووە. لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۹۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە درابوون.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ۲۰۲۶، سزای سێدارەی لانی کەم ۱۰۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ئەو ۱۰۹ بەندکراوە بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی سێ ژن لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەفسانە زەندئابادی خەڵکی تەورێز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و دوو هەوێ بەناوەکانی ئاسیە فەرەهمەند و زەینەب زەڕینی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوین لەسێدارە دراون.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ۱۰۹ بەندکراو کە لە ماوەی مانگی ژۆئەن لەسێدارە دراون، تەنیا ۷ حاڵەت واتا ۶.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۲ بەندکراو بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە جێبەجێ کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۵ بەندکراوی سیاسی
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۵ بەندکراوی سیاسی و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار بریتی لە ۲ بەندکراوی سیاسیی کورد بە تۆمەتی وەکوو موحاربە لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛
۱ـ ئەشکان مالکی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی قوروە، بە تۆمەتی سیخوڕی لە ڕێکەوتی ۱ی ژۆئەنی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۲ـ مێهرداد محەممەدی نیا، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی قوروە، بە تۆمەتی سیخوڕی لە ڕێکەوتی ۱ی ژۆئەنی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۳ـ فەتحوڵڵا ئاوەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی هەمەدان، لە ڕێکەوتی ۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان لەسێدارە درا.
۴ـ جەواد زەمانی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاهروود، لە ڕێکەوتی ۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاهروود لەسێدارە درا.
۵ـ ئەبۆلفەزل ساعیدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاهروود، لە ڕێکەوتی ۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاهروود لەسێدارە درا.
جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی تۆمەتەکانیان
لە ماوەی مانگی ژۆئەنی ئەمساڵدا، زۆربەی لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بوون کە ۵۴ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۴۴ بەندکراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ۵ کەس بە هۆکاری سیاسی و تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە دراون.
تۆمەتی سیاسی و سیخوڕی: ۵ حاڵەت
تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۵۴ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۴۴ حاڵەت
تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی: ۵ حاڵەت
تۆمەتی دزیی چەکدارانە: ۱ حاڵەت
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکانیان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ۳۱ بەندکراوی فارس لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۲۸.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۸ بەندکراوی کورد و ۱۸ بەندکراوی بەلووچ واتا ۳۳٪ی کۆی حاڵەتەکان، ۱۲ بەندکراوی لوڕ و ۱۰ بەندکراوی تورک لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی کورد: ۱۸ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۱۸ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۱۲ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ۱۰ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک و مازەنی: ۵ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ۵ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ۱ حاڵەت
بەندکراوانی فارس: ۳۱ حاڵەت
هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان: ۵ حاڵەت
ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۴ حاڵەت
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان
بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان تۆمار کراوە کە ۱۵ حاڵەت بوون. لە سەرجەم ۲۴ پارێزگا سزای سێدارە جێبەجێ کراوە کە دوای پارێزگای ئیسفەهان، زیاترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان بە ۱۰ حاڵەت و فارس بە ۹ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای ئیسفەهان: ۱۵ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۱۰ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۹ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۷ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە، یەزد، خوراسانی ڕەزەوی و ئەلبۆرز: هەر یەک ۶ حاڵەت
پارێزگاکانی خووزستان، سمنان و خوراسانی باکوور: هەر یەک ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی مازەندەران، لوڕستان و خوراسانی باشوور: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی هورمزگان، گوڵستان، قەزوین و ئورمیە: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد، قوم و کرمان: هەر یەک ۱ حاڵەت