جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانی کەم ١٦٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا
هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ تا کۆتاییی مارس (سێ مانگ) لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ١٦٠ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ لانی کەم ٧٣ حاڵەت واتە ٣١٪ کەم بووەتەوە. لە مانگەکانی جەنیوەری، فێبریوەری و مارسی ساڵی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی لانی کەم ٢٣٣ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ١٦٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە ناسنامەی تەواوی ١٦٠ بەندکراوە لەسێدارەدراوەکە بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٤ ژن لە بەندیخانەکانی تەورێز، زەنجان و ئیسفەهان (٢ حاڵەت) لەسێدارە دراون. مەهناز ڕەوشەنی خەڵکی شاهینشار و سوهەیلا ئەسەدی خەڵکی کاشان، بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان، تەیبە حیکمەت خەڵکی زەنجان، بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەی ئەو شارە و مینا نەسیرپوور خەڵکی ئەردەبیل بە تۆمەتی تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل لەسێدارە دراون.
شایانی باسە کە لە کۆی ئەو ١٦٠ بەندکراوەی لە سێ مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، تەنیا ١٢ حاڵەت واتە ٧.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕەکانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریدا ڕاگەیەندراون. هەروەها سزای لەسێدارەدانی ١٧ بەندکراو بە نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و بێ مافی دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ١٢ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٢ بەندکراوی سیاسی و ئایینی بە تۆمەتەکانی وەک بەغی، ئەندامێتی لە گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون کە ناسنامەکانیان بەم شێوەیەیە؛
جێگەی ئاماژەیە کە ٨ کەس لەم بەندکراوانە لە سێ هەفتەی ڕابردوودا و دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمدوایییەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لەسێدارە دراون.
١. عەلی ئەردستانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ٧ی جەنیوەری ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
٢. ئامانج کاروانچی خەڵکی سەردەشت، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش لە ڕێکەوتی ٢٤ی جەنیوەری لەسێدارە درا.
٣. ئەرسەلان شێخی خەڵکی سەردەشت، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش لە ڕێکەوتی ٢٤ی جەنیوەری لەسێدارە درا.
٤. حەمیدڕەزا سابیت ئیسماعیلپوور، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ٢٨ی جەنیوەری ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
٥. کورش کەیوانی خەڵکی ساوجبلاغ، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ١٨ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
٦. ساڵح محەممەدی، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری قوم، لە ڕێکەوتی ١٩ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
٧. مەهدی قاسمی، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری قوم، لە ڕێکەوتی ١٩ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
٨. سەعید داوودی، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری قوم، لە ڕێکەوتی ١٩ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
٩. ئەکبەر دانشوەرکار خەڵکی تاران، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە ڕێکەوتی ٣٠ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
١٠. محەممەد تەقەوی سەنگدێهی خەڵکی ئامول، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە ڕێکەوتی ٣٠ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
١١. پوویا قوبادی بێستوونی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە ڕێکەوتی ٣١ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
١٢. بابەک عەلیپوور خەڵکی ڕەشت، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە ڕێکەوتی ٣١ی مارس ٢٠٢٦ لەسێدارە درا.
جیاکردنەوەی بەندکراوە لەسێدارەدراوەکان بەپێی تۆمەت
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین لەسێدارەدراوەکان پێوەندییان بە کوشتنی ئەنقەستەوە هەبووە کە ٩٢ حاڵەت واتە ٥٧.٥٪ی کۆی حاڵەتەکانە. هەروەها ٤٦ کەسیش بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە بێهۆشکەرەکان لەسێدارە دراون.
تۆمەتی سیاسی و ئایینی: ١٢ حاڵەت
تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست: ٩٢ حاڵەت
تۆمەتی تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە بێهۆشکەرەکان: ٤٦ حاڵەت
تۆمەتی دزیی چەکدارانە: ٧ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ٣ حاڵەت
جیاکردنەوەی لەسێدارەدانەکان بەپێی کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ٢٢ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە دەکاتە ١٣.٧٪ی کۆی حاڵەتەکان. هەروەها ١٩ بەندکراوی تورک واتە ١١.٨٪ی کۆی حاڵەتەکان، ١٢ بەندکراوی گیلەک و ١١ بەندکراوی کوردیش لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی لوڕ: ٢٢ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ١٩ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک: ١٢ حاڵەت
بەندکراوانی کورد: ١١ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ٧ حاڵەت
بەندکراوانی مازەنی: ٧ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ٤ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ١ حاڵەت
بەندکراوانی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەفغانستان: ٦ حاڵەت
بەندکراوانی فارس: ٣٩ حاڵەت
ئەو کەسانەی ناسنامەی نەتەوەییان بۆ هەنگاو پشتڕاست نەکراوەتەوە: ٣٢ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەپێی بەندیخانەی پارێزگاکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە کە ٣٦ حاڵەتە. بە گشتی لە ٢٦ پارێزگادا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ کراوە کە دوای پارێزگای ئەلبورز زۆرترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بە ١٥ حاڵەت و فارس بە ١٤ حاڵەت تۆمار کراوە.
پارێزگای ئەلبۆرز: ٣٦ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ١٥ حاڵەت
پارێزگای فارس: ١٤ حاڵەت
پارێزگاکانی لوڕستان و ئەیسفەهان: هەر کامەیان ١١ حاڵەت
پارێزگاکانی خوزستان و خوراسانی ڕەزەوی: هەر کامەیان ١٠ حاڵەت
پارێزگای قوم: ٩ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ٨ حاڵەت
پارێزگاکانی گوڵستان و سمنان: هەر کامیان ٧ حاڵەت
پارێزگای قەزوین: ٦ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان، یەزد، مازەندەران و زەنجان: هەر کامەیان ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان و مەرکەزی: هەر کامیان ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد و ئەردەوێڵ: هەر کامەیان ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام، کرمان، سیستان و بەلووچستان، خوراسانی باکوور، خوراسانی باشوور و چوارمەحاڵ و بەختیاری: هەر کامەیان ١ حاڵەت
شوێنی نادیار: ١ حاڵەت