جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانی کەم ٢٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٦دا

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ٢١:٥٢

هەنگاو؛ هەینی ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ٢٦ بەندکراو، لەوانە ١٤ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانە جیاجیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەم ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لانی کەم ٩٦ حاڵەت، واتە ٧٨.٥٪ کەم بووەتەوە. لە مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا لانی کەم ١٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە درابوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ساڵی ٢٠٢٦دا، لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ٢٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە ناسنامەی تەواوی ٢٥ بەندکراوی لەسێدارەدراو بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە و ناسنامەی یەکێکی دیکە لە بەندکراوەکان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای لەسێدارەدانی ژنێک بە ناوی حەنیفە ئاوەندی، تەمەن ٢٤ ساڵ، کە قوربانیی منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیریی زۆرەملێ بووە، بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی هاوژینەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە لە کۆی ئەو ٢٦ بەندکراوەی لە مانگی ئەپریلدا لەسێدارە دراون، تەنیا ١٥ حاڵەت واتە ٥٨٪ی کۆی حاڵەتەکان لە میدیا فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕەکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕاگەیەندراون. هەروەها سزای لەسێدارەدانی ١٤ بەندکراو بە شێوەی نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و بێبەشکردن لە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە.

 

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ١٤ بەندکراوی سیاسی

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ١٤ بەندکراوی سیاسی بە تۆمەتەکانی وەک «بەغی»، «موحاربه» و «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» لەسێدارە دراون کە ناسنامەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

١ـ ئەمیر حوسێن حاتەمی، تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ٤ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٢ـ ئەبولحەسەن مۆنتەزێر، خەڵکی تاران، لە ڕێکەوتی ٤ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٣ـ وەحید بەنی‌عامێریان، خەڵکی سونقور و کولیایی، لە ڕێکەوتی ٤ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٤ـ محەممەدئەمین بیگلەری، خوێندکاری خەڵکی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٥ـ شاهین واحیدپەرەست کلۆری، هاووڵاتیی خەڵکی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٦ـ عەلی فەهیم، هاووڵاتیی خەڵکی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ٦ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٧ـ حامید وەلیدی، خەڵکی تاران، بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل»، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٨ـ محەممەد مەعسووم‌شاهی، خەڵکی تاران، بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل»، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

٩ـ ئەمیرعەلی میرجەعفەری، هاووڵاتیی خەڵکی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

١٠ـ مەهدی فەرید، خەڵکی ئەراک، بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل»، لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

١١ـ سوڵتانعەلی شێرزادی‌فەخر، بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل»، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە شوێنێکی نادیار لەسێدارە درا.

١٢ـ عیرفان کیانی، خەڵکی ئەسفەهان و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەسفەهان لەسێدارە درا.

١٣ـ عامر ڕامش، هاووڵاتیی ٢٠ ساڵانی بەلووچ و خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لەسێدارە درا.

١٤ـ ساسان ئازادوار، گەنجی ٢١ ساڵانی لوڕ و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٦ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەسفەهان لەسێدارە درا.

 

پۆلێنکردنی بەندکراوە لە سێدارەدراوەکان بەپێی تۆمەت

لە مانگی ئەپریلی ئەمساڵدا، زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان پەیوەندیی بە بەندکراوە سیاسییەکانەوە هەبووە کە ١٤ حاڵەت واتە ٥٤٪ی کۆی گشتییە. هەروەها ١٠ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەسێدارە دراون.

• تۆمەتی سیاسی و سیخوڕی: ١٤ حاڵەت

• تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست: ١٠ حاڵەت

• تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٢ حاڵەت

 

پۆلێنکردنی بەندکراوە لە سێدارەدراوەکان بەپێی کەمینە نەتەوەییەکان

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ١٢ بەندکراوی فارس لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە دەکاتە ٤٦٪ی کۆی حاڵەتەکان. هەروەها ٧ بەندکراوی تورک (٢٧٪)، ٢ بەندکراوی کورد و ٢ بەندکراوی لوڕ لەسێدارە دراون.

• بەندکراوانی تورک: ٧ حاڵەت

• بەندکراوانی کورد: ٢ حاڵەت

• بەندکراوانی لوڕ: ٢ حاڵەت

• بەندکراوانی بەلووچ: ١ حاڵەت

• بەندکراوانی فارس: ١٢ حاڵەت

• ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە: ٢ حاڵەت

 

پۆلێنکردنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بەپێی بەندیخانەی پارێزگاکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووی زایینیدا زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبورز تۆمار کراوە کە ١١ حاڵەت بووە. بە گشتی لە ٩ پارێزگادا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ کراوە کە دوای پارێزگای ئەلبورز، زۆرترین ئاماری جێبەجێکردنی سزاکە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ئیسفەهان بە ٣ حاڵەت تۆمار کراوە.

• پارێزگای ئەلبورز: ١١ حاڵەت

• پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ئیسفەهان: هەرکام ٣ حاڵەت

• پارێزگاکانی کرماشان و زەنجان: هەرکام ٢ حاڵەت

• پارێزگاکانی یەزد، لوڕستان، ئەردەبیل و سیستان و بەلووچستان: هەرکام ١ حاڵەت

• شوێنی نادیار: ١ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە