جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۸۰ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی مەی ۲۰۲۶

١٤ جۆزەردان ٢٧٢٦، ٠٠:١٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۳ی جۆزەردانی ۲۷۲۶

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۸۰ بەندکراو بریتی لە ۱۷ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی لانی کەم ۸۳ حاڵەت بەرانبەر بە ۵۱٪ کەمتر بووە. لە ماوەی مانگی مەی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۱۶۳ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە درابوون.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ۲۰۲۶، سزای سێدارەی لانی کەم ۸۰ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۷۶ بەندکراوی لەسێدارەدراو بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ۴ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی یەک ژن بەناوی ئەسماع زارعی، تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی پارس ئاباد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل جێبەجێ کراوە.

شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ۸۰ بەندکراو کە لە ماوەی مانگی مەی لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۵ حاڵەت واتا ۱۹٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە.

هەروەها سزای سێدارەی ۱۹ بەندکراو بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە جێبەجێ کراوە.

 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۱۷ بەندکراوی سیاسی

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۷ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۴ بەندکراوی سیاسی کورد و دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان بە تۆمەتی وەکوو موحاربە و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛

۱ـ ناسر بەکرزادە، بەندکراوی تەمەن ۲۶ ساڵی کورد و خەڵکی ئورمیە، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۲ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.

۲ـ یەعقووب کەریمپوور، بەندکراوی تورک و خەڵکی میاندواو و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۲ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.

۳ـ مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە ڕێکەوتی ۳ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.

۴ـ ئیبراهیم دەوڵەت ئابادی، خەڵکی مەشهەد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە ڕێکەوتی ۳ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.

۵ـ مەهدی ڕەسووڵی خەڵکی کاشمەر و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە ڕێکەوتی ۳ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.

۶ـ محەممەدڕەزا میری، خەڵکی مەشهەد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە ڕێکەوتی ۳ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.

۷ـ عێرفان شەکوورزاد، خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی تاران لە ڕێکەوتی ۱۱ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

۸ـ عەبدولجەلیل شەهبەخش، بەندکراوی بەلووچ و خەڵکی تەفتان لە ڕێکەوتی ۱۲ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لەسێدارە درا.

۹ـ ئێحسان ئەفرەشتە، خەڵکی ئیسفەهان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۱۳ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

۱۰ـ محەممەد عەباسی، خەڵکی مەلارد سەر بە پارێزگای تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۱۳ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

۱۱ـ رامین زلە، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی نەغەدە، بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ۲۱ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە لەسێدارە درا.

۱۲ـ کەریم مەعرووفپوور، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی نەغەدە، بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ۲۱ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە لەسێدارە درا.

۱۳ـ موجتەبا کیان، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۲۴ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

۱۴ـ ئەکبەر مورادی فەیزابادی، بەندکراوی خەڵکی نایینی ئیسفەهان و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۲۵ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.

۱۵ـ غولامڕەزا خانی شەکراب، بەندکراوی تورک و خەڵکی ئەردەبیل بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۲۶ی مەی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

دوو بەندکراو کە لە ماوەی مانگی ئەپریل لەسێدارە درابوون و لە مانگی مەیدا هەواڵی لەسێدارەدرانیان میدیایی کراوەتەوە؛

۱۶ـ عەلی نادر ئەلعوبەیدی، هاووڵاتیی خەڵکی عێراق کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە ڕێکەوتی ۴ی ئەپریلی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

۱۷ـ فازل شێخ کەریم، هاووڵاتیی خەڵکی عێراق کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە ڕێکەوتی ۴ی ئەپریلی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

 

جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی تۆمەتەکانیان

لە ماوەی مانگی مەی ئەمساڵدا، زۆربەی لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بوون کە ۳۶ حاڵەت واتا ۴۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۲۶ بەندکراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ۱۷ کەس بە هۆکاری سیاسی و تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون.

تۆمەتی سیاسی و سیخوڕی: ۱۷ حاڵەت

تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۳۶ حاڵەت

تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۲۶ حاڵەت

تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی: ۱ حاڵەت

 

جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکانیان

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ۲۶ بەندکراوی فارس لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۳۲.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۷ بەندکراوی کورد واتا ۲۱٪ی کۆی حاڵەتەکان، ۱۲ بەندکراوی بەلووچ و ۸ بەندکراوی تورک لەسێدارە دراون.

بەندکراوانی کورد: ۱۷ حاڵەت

بەندکراوانی بەلووچ: ۱۲ حاڵەت

بەندکراوانی تورک: ۸ حاڵەت

بەندکراوانی گیلەک و مازەنی: ۴ حاڵەت

بەندکراوانی لوڕ: ۲ حاڵەت

بەندکراوانی فارس: ۲۶ حاڵەت

هاووڵاتیی خەڵکی عێراق: ۲ حاڵەت

هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان: ۲ حاڵەت

ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۷ حاڵەت

 

جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس تۆمار کراوە کە ۱۴ حاڵەت بووە. لە سەرجەم ۲۱ پارێزگا سزای سێدارە جێبەجێ کراوە کە دوای پارێزگای فارس، زیاترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوان لە پارێزگاکانی ئورمیە و ئیسفەهان هەر یەک بە ۱۱ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

پارێزگای فارس: ۱۴ حاڵەت

پارێزگاکانی ئورمیە و ئیسفەهان: هەر یەک ۱۱ حاڵەت

پارێزگای ئەلبۆرز: ۹ حاڵەت

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۸ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ۴ حاڵەت

پارێزگاکانی گیلان و کرمان: هەر یەک ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی قوم، قەزوین، خوراسانی باشوور، سیستان و بەلووچستان و ئەردەبیل: هەر یەک ۲ حاڵەت

پارێزگاکانی سنە، مازەندەران، هەمەدان، مەرکەزی، گوڵستان، زەنجان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ۱ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە