جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥
هەنگاو؛ شەممە ١۰ی خەزەڵوەری ٢٧٢۵
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۶۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۲۳۵ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بەناوەکانی عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، سامان محەممەدی خیارە و جەواد نەعیمی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە. زەینەب خودابەندە خەڵکی ئیسفەهان، ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند و مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها پێنج بەندکراو بەناوەکانی رۆیا عەباسزادە خەڵکی زەنجان، کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم و کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۴۱ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەردا سزای سێدارەی لانی کەم ۳۷ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۵.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۲۷ بەندکراوی لوڕ (۱۱٪ی کۆی حاڵەتەکان)، ۱۷ بەندکراوی تورک و ۱۶ بەندکراوی گیلەک لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی کورد: ۳۷ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۲۷ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ۱۷ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک: ۱۶ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ۱۳ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۱۱ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ۲ حاڵەت
بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۱۱ حاڵەت
بەندکراوانی فارس: ۷۰ حاڵەت
ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۳۷ حاڵەت
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەردا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بووە کە ۱۲۴ حاڵەت واتا ۵۱.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۱۰۴ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.
چالاکی سیاسی: ۸ حاڵەت
ماددە هۆشبەرەکان: ۱۰۴ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ۱۲۴ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ۳ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ۲ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگاکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۳۱ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۲۷ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش پارێزگای ئەلبۆرز زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگاکانی ئیسفەھان بە ۲۱ حاڵەت و فارس بە ۲۰ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای ئەلبۆرز: ۳۱ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەھان: ۲۱ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۲۰ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۱۷ حاڵەت
پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی و خووزستان: هەر یەک ۱۴ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ۱۳ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۱۲ حاڵەت
پارێزگای قوم: ۱۰ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۹ حاڵەت
پارێزگاکانی کرمان و زەنجان: هەر یەک ۸ حاڵەت
پارێزگاکانی سمنان و خوراسانی باکوور: هەر یەک ۷ حاڵەت
پارێزگاکانی مەرکەزی، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد و گوڵستان: هەر یەک ۶ حاڵەت
پارێزگاکانی مازەندەران، قەزوین و خوراسانی باشوور: هەر یەک ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی یەزد و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام و هۆرمۆزگان: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە و چوارمەحاڵ و بەختیاری: هەر یەک ۱ حاڵەت