جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۸۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ۲۰۲۶
هەنگاو؛ هەینی ١٣ی خەرمانانی ۲۷۲۶
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۸۹ بەندکراو بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ڕابردوو لانی کەم ۲۲ حاڵەت بەرانبەر بە ۳۳٪ زۆرتر بووە. لە ماوەی مانگی جولای لانی کەم ۶۷ بەندکراو لەسێدارە درابوون.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ۲۰۲۶، سزای سێدارەی لانی کەم ۸۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۸۸ بەندکراو بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو یەک بەندکراوەی دیکەش بەدواداچوون دەکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۶ ژن لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. مەهتاب شێرمحەممەدی خەڵکی تەورێز، مەرزییە نەیێری خەڵکی قەزوین، دنیا محەممەدی خەڵکی ئیلام، فاتمە کەماک زارع خەڵکی کەرەج، زەهرا عەزیزپوور خەڵکی ئەردەبیل و ئارەزوو ڕەستاد خەڵکی ئیسفەهان، ئەو ۶ ژنە بوون کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەکانی یاسووج، قەزوین، ئیلام، کەرەج، ڕەشت و ئیسفەهان لەسێدارە دراون.
لەو مانگەدا سزای سێدارەی منداڵانی تاوانبار و کەسانێک کە لە تەمەنی ژێر ۱۸ ساڵدا تاوانیان کردووە لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ نەکراوە.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ۸۹ بەندکراوی لەسێدارەدراو لە ماوەی مانگی ئاگۆست، تەنیا ۸ حاڵەت واتا ۹٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۱ بەندکراو بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لەپێش چاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۶ بەندکراوی سیاسی
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۶ بەندکراوی سیاسی و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار و هەروەها شەڕی چل ڕۆژە بە تۆمەتی وەکوو موحاربە، سیخوڕی و هتد لەسێدارە دراون کە ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛
۱ـ ئاروین خەیرخاهان تەمەن ۲۰ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار لە ڕێکەوتی ۱ی ئاگۆستی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاهروود لەسێدارە درا.
۲ـ پووریا سەفوەت، بەندکراوی سیاسیی تورک و خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۳ی ئاگۆستی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۳ـ ئومید بێهزاد، خوێندکاری کورد و خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۳ی ئاگۆستی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۴ـ شەهرام سادقی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار لە ڕێکەوتی ۱۵ی ئاگۆستی ۲۰۲۶ لە یەکێک لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز لەسێدارە درا.
۵ـ قائێم حوسێنی، بەندکراوی تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، لە ڕێکەوتی ۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۶ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.
۶ـ مەجید ئادینە، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار لە ڕێکەوتی ۲۳ی ئاگۆستی ۲۰۲۶ لە یەکێک لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز لەسێدارە درا.
جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی تۆمەتەکانیان
لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ئەمساڵدا، زۆربەی لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون کە ۴۲ حاڵەت واتا ۴۸٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۳۹ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ۶ بەندکراو بە هۆکاری سیاسی و بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە دراون.
تۆمەتی سیاسی و سیخوڕی: ۶ حاڵەت
تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۳۹ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۴۲ حاڵەت
تۆمەتی دزیی چەکدارانە: ۲ حاڵەت
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکانیان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۲ بەندکراوی فارس لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۲۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۷ بەندکراوی تورک و ۱۳ بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی تورک: ۱۷ حاڵەت
بەندکراوانی کورد: ۱۳ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۷ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک و مازەنی: ۷ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۶ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ۱ حاڵەت
بەندکراوانی فارس: ۲۲ حاڵەت
هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان: ۴ حاڵەت
ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۱۲ حاڵەت
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان
بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان تۆمار کراوە کە ۱۱ حاڵەت بوون. لە سەرجەم ۲۰ پارێزگا سزای سێدارە جێبەجێ کراوە کە دوای پارێزگای ئیسفەهان، زیاترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوان لە پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی بە ۱۰ حاڵەت و پارێزگای ئەلبۆرز بە ۸ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای ئیسفەهان: ۱۱ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۱۰ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ۸ حاڵەت
پارێزگای سمنان: ۷ حاڵەت
پارێزگاکانی فارس، ئەردەبیل و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ۶ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان و خووزستان: هەر یەک ۵ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام، ئورمیە، سیستان و بەلووچستان، زەنجان و کۆهگیلوویە و بوویێرئەحمەد: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگای مازەندەران: ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی یەزد، سنە، قوم و قەزوین: هەر یەک ۱ حاڵەت