جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۲۶۰ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢٣:٤٣

هەنگاو؛ دووشەممە ١۰ی سەرماوەزی ٢٧٢۵

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۶۰ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۱۳۴ حاڵەت واتا ۱۰۶٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۲۶ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۶۰ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۲۵۷ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۳ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

لەو مانگەدا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی تۆمار نەکراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۷ ژن لە بەندیخانەکانی خوڕەمئاوا، تەورێز، بەندەرعەباس، دامغان، ساری، مەشهەد و شیراز جێبەجێ کراوە. میترا زەمانی خەڵکی خوڕەمئاوا، کوبرا ڕەزایی خەڵکی یەزد، قومری عەباسزادە خەڵکی ساری و مەهین ڕەحیمی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ۴ بەندکراو بەناوەکانی زەهرا میرغەفاری خەڵکی هەشتڕوود، زەهرا خانبابایی خەڵکی بەندەرعەباس، شەوکەت وەیسی خەڵکی دامغان و مینا سدووقی خەڵکی کەرەج بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۶۰ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۲ حاڵەت واتا ۱٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۴ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.

 

جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەردا سزای سێدارەی لانی کەم ۴۳ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۶.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۳۵ بەندکراوی کورد (۱۳.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان)، ۲۲ بەندکراوی تورک و ۱۳ بەندکراوی عەرەب لەسێدارە دراون.

بەندکراوانی لوڕ: ۴۳ حاڵەت

بەندکراوانی کورد: ۳۵ حاڵەت

بەندکراوانی تورک: ۲۲ حاڵەت 

بەندکراوانی عەرەب: ۱۳ حاڵەت

بەندکراوانی گیلەک: ۱۲ حاڵەت

بەندکراوانی بەلووچ: ۶ حاڵەت

بەندکراوانی تات: ۲ حاڵەت

بەندکراوانی تورکمان: ۱ حاڵەت

بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۵ حاڵەت

بەندکراوانی فارس: ۷۶ حاڵەت

ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۴۵ حاڵەت

 

جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەردا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بوون کە ۱۳۵ حاڵەت واتا ۵۲٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۱۱۹ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.

 

کوشتنی بە ئەنقەست: ۱۳۵ حاڵەت

ماددە هۆشبەرەکان: ۱۱۹ حاڵەت

دەستدرێژیی سێکسی: ۶ حاڵەت

 

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگاکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۲۳ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۲۹ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگاکانی لوڕستان بە ۲۱ حاڵەت و خووزستان بە ۱۹ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۳ حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: ۲۱ حاڵەت

پارێزگای خووزستان: ۱۹ حاڵەت

پارێزگای فارس: ۱۶ حاڵەت

پارێزگای ئیسفەھان: ۱۴ حاڵەت

پارێزگاکانی کرماشان، یەزد، ئەلبۆرز و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ۱۱ حاڵەت

پارێزگای قوم: ۱۰ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە: ۹ حاڵەت

پارێزگاکانی سمنان، مەرکەزی و خوراسانی باکوور: هەر یەک ۸ حاڵەت

پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، هەمەدان، خوراسانی باشوور، کرمان، قەزوین، زەنجان و کۆهگیلوویەوبویێر ئەحمەد: هەر یەک ۷ حاڵەت

پارێزگاکانی ئیلام و گیلان: هەر یەک ۶ حاڵەت

پارێزگاکانی گوڵستان و مازەندەران: هەر یەک ۵ حاڵەت

پارێزگای بووشێهر: ۴ حاڵەت

پارێزگای ئەردەبیل: ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی سنە و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ۱ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە