مەترسی جددیی ڕادەستکردنەوەی دوو هاوژینی لاو لە تورکیا دوای تۆمارکردنی پەنجەمۆر و واژۆ

١٢ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٢:٣٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دوو هاوژینی پەنابەری سیاسی کورد بە ناوەکانی ڕەشاد محەممەدی و ئەژین حوسێنی (فەهمیدە) کە نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەرکرابوون، دوای گواستنەوەیان بۆ کەمپێک لە ئەدێرنە و ناچارکردنیان بە تۆمارکردنی پەنجەمۆر و واژۆ، مەترسیی جددیی ڕادەستکردنەوەیان بۆ ئێران لەئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەشاد محەممەدی چالاکی سیاسی خەڵکی کامێران و ئەژین حوسێنی (فەهمیدە) خەڵکی سەوڵاوا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە کەمپی چناکالە بۆ کەمپی پەهلەوان کووی لە شاری ئەدێرنە گواستراونەتەوە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە، پۆلیسی تورکیا ڕۆژی ڕابردوو ئەو دوو چالاکە سیاسییەی ناچار بە تۆمارکردنی واژۆ و پەنجەمۆر کردووە و ئەگەری ڕادەستکردنەوەیان بۆ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشێوەی جددی لەئارادایە.

ئەژین حوسێنی تەمەن ٣٠ ساڵ و ڕەشاد محەممەدی ٣٤ ساڵ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان چالاکی سیاسییان بووە و بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی ناوەندە ئەمنییەکانەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی ئارام و بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا ناچار بوون هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی ئەو دوو هاوژینە بۆ ئێران و ئەگەری ئەشکەنجەدان و سەپاندنی هەر چەشنە سزایەکی نامرۆڤانەی دیکە بەسەر ئەو دوو پەنابەرە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، داوای سەرنجدانی خێرای ڕێکخراوەکان و ناوەندە نێونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ناوەندەکانی پاڵپشتی لە مافی پەنابەران دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە