ئیلام؛ دەستبەسەرکرانی فەرەج ئەرسەن بە هۆی بەشداریی کردنی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
فەرەج ئەرسەن هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەلەکشای سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، فەرەج ئەرسەن لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام بە هێرش کردنە سەر ماڵی ناوبراو دەستبەسەر کرا.
هەنگاو زانیوییەتی کە، فەرەج ئەرسەن لە پەیوەندی بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتیەکان لە چەندین شوێنی جیاوازی ئیلام بەڕێوەچووە وەک مەلەکشای، کارەزان و هۆلیلان دەستبەسەر کراوە.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی مانەوەی فەرەج ئەرسەن لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە بێ وەڵام ماوەتەوە.