ئیلام: دەستبەسەرکردنی دووەمین هاووڵاتیی مەلەکشایی بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی نەورۆز
هەنگاو: پێنجشەممە، ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
دووەمین هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەلەکشایی لە پارێزگای ئیلام بە ناوی کامران بادبروت بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز لەو شارە، دەستبەسەر کرا. ڕۆژی ڕابردووش هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی فەرەج ئەرسن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی کامران بادبروت لە شاری مەلەکشاییی سەر بە پارێزگای ئیلام و دەستبەسەریان کردووە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە ڕۆژی ڕابردووش، جەماڵ ئەرسن و خەڵکی هەمان شار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.