ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە ئیلام
هەنگاو؛ سێشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦
سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاسمان ئاوای سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی یونس بەکری، ڕووحوڵڵا غوڵامی و یاسر هەواسیزادە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە شارەکانی ئاسمان ئاوای و سەراوڵە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٢٤ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، هێزە حکوومەتییە بە هەشت ئۆتۆمبێل ناوچەی «پیرحەمزە»یان گەمارۆ داوە و هاووڵاتییەکیان بە ناوی یاسر هەواسیزادە بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستبەسەر کردووە.
هەروەها، ئێوارەی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٦، ڕووحوڵڵا غوڵامی لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر دکان و شوێنی کارەکەی بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستبەسەرکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، یونس بەکری، هاووڵاتیی خەڵکی ئاسمان ئاوا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە سەرابڵەی پارێزگای ئیلام دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و گوزەرانی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.