مەشهەد؛ کوژرانی ژنێک لەلایەن براکەیەوە بە پاساوی نامووس و شەرەف
هەنگاو؛ شەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
ژنێکی لاو بەناوی ساجیدە لە شاری مەشهەد بە پاساوی "پاراستنی نامووس" لەلایەن براکەیەوە کوژرا. کوژرانی ساجیدە شەشەمین ژنکوژی و دووەمین کوشتن بە بیانووی پاراستنی نامووس لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، ژنێکی لاو بە ناوی ساجیدە، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "کوورە دێ" سەر بە شاری مەشهەد لەلایەن برا ١٧ ساڵەکەی بەهۆی پاراستنی نامووسەوە کوژرا.
بە پشتبەستن بە میدیا حکومەتییەکان و خۆجێیییەکان، بنەماڵەی ئەو ژنە لاوە دوای گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانە هەوڵیان داوە هۆکاری مردنی ناوبراو بە سروشتی نیشان بدەن.
بکوژ بە ناوی حەنزەلە، دوای دەستبەسەربوون وتوویەتی: دوای جیابوونەوەی ساجیدە لە هاوژینەکەی، لەلایەن خەڵکەوە سووکایەتیم پێکراوە و هەر بەو هۆکارە بەمەبەستی ڕێگرتن لە خراپی نێوبانگمان، خوشکەکەم خنکاندووە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ٤ مانگی سەرەتاییی ساڵی ٢٠٢٤ لانی کەم ٦ حاڵەت ژنکوژی لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی تۆمار کراوە کە دوو حاڵەتیان بە بیانووی پاراستنی نامووسەوە بووە.