کوژرانی کانی عەبدوڵڵاهی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف

هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی پیرانشار بەناوی کانی عەبدوڵڵاهی لە لایەن باوکی بە بەکارهێنانی چەکی سارد کوژرا. هۆکاری کوژرانی ئەو مێرمنداڵە بە پاساوی "پاراستنی نامووس و شەرەف" و "پەیوەندیی کانی لەگەڵ کوڕێک" ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، کانی عەبدوڵڵاهی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "ماشکان"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن باوکییەوە بە چەندین زەربەی چەقۆ بە سەختی بریندار کرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باوکی ئەو مێرمنداڵە ئێستا دەستبەسەر کراوە و هۆکاری کوشتنی کانی عەبدوڵڵاهی بە پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ کوڕێک و بە پاساوی پاراستنی نامووس ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ماددەی ٦١٢ی یاسای سزادانی ئیسلامی (سزادان)، هەرکەس تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست ئەنجام بدات و سکاڵای لەسەر نەبێت یان لەسەری بێت بەڵام سکاڵاکەرەکە لە توڵەسەندنەوە لەو کەسە خۆش بێت یان بە هەر هۆیەکی دیکەوە تۆڵە نەکرێتەوە، لە ئەگەری ئەوەیدا کە تاوانی ناوبراو پشێوی و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگای لێ بکەوێتەوە یان ترسی نافەرمانیی تۆمەتبار یان خەڵک لە ئارادا بێت دادگا سزای سێ تا دە ساڵ بەندکران بەسەر ئەو کەسەدا دەسەپێنێت. ئەو ماددەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە حاڵەتەکانی ژنکوژی بە پاساوی پاراستنی نامووس لە لایەن باوک، برا و مێردەوە، بکوژ لە سزادران بپارێزرێت.