ژنکوژی؛ کوژرانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵ بە پاساوی "پاراستنی نامووس" بەدەستی باوکی لە کرماشان

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ٢٢:٣٦

هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

ژنێکی گەنجی خەڵکی کرماشان بەناوی سەید دونیا حوسێنی، لە لایەن باوکی خۆیەوە بە بەکارهێنانی چەکی سارد و بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا. هۆکاری کوژرانی ئەو ژنە گەنجە بە پاساوی "پاراستنی نامووس و شەرەف" ڕاگەیێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سەید دونیا حوسێنی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی بریەخانی سەر بە شاری داڵاهۆ و دانیشتووی گەڕەکی دەوڵەتئاوای کرماشان، لە لایەن باوکی خۆی، سەید یەدوڵڵا حوسێنی بە چەندین زەربەی چەقۆ کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی حوسێنی، دونیا حوسێنی نزیکەی ٤٠ ڕۆژ پێشتر بەهۆی ئەوەی «پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکی دیکە» ناو بردراوە لە هاوژینەکەی جودا بووەتەوە. ناوبراو ٤٠ ڕۆژ دوای جیابوونەوەیان گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی و یەک ڕۆژ دوای هاتنەوەی، بەدەستی باوکی و بە پاساوی پاراستنی نامووس بە چەقۆ کوژراوە.

شایانی باسە کە، میدیا حکومەتییەکان لە ئاماژەدان بە هۆکاری کوژرانی ئەو ژنە بە پاساوی پاراستنی نامووس، جارێکی دیکە لە دەستەواژەی ناڕوونی "کێشەی خێزانی" کەڵکیان وەرگرتووە و نووسیویانە کە تۆمەتبارەکە چەند کاتژمێر دوای کوشتنی کچەکەی دەستبەسەر کراوە.

کۆماری ئیسلامی لە یاساکانیدا نە تەنیا لە ژنان لە بەرانبەر کوژران بە پاساوی پاراستنی نامووس هیچ پاڵپشتییەک ناکات، بەڵکوو بەپێی یاساکانی ئەو حکومەتە باوک لە کاتی کوشتنی منداڵەکانی خۆیدا لەگەڵ سزا سەختە ئاساییە بەکارگیراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی کوشتندا ڕووبەڕوو ناکرێتەوە. هەنگاو سەبارەت بە پێشێلکرانی ڕێکخراوانەی مافەکانی ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاساییکردنەوەی کوشتنیان لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەیان و ئاماری نهێنیی ژنکوژییەکان هۆشدارت دەدات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە