ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی دڵتەزێنی ژنێکی گەنجی خەڵکی ڕەشت بە پاساوی پاراستنی نامووس لە لایەن هاوژینەکەیەوە

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٠:٠٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

پیاوێکی خەڵکی ڕەشت هاوژینەکەی خۆی بە ناوی مەتین تەیبی‌خاە فوومەنی لەگەڵ پیاوێکی دیکە بە چەکی سارد و بە شێوەیەکی دڵتەزێن کوشتووە. هۆکاری کوژرانی ئەو دوو کەسە بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری فوومەن سەر بە پارێزگای گیلان بە ناوی مەتین تەیبی‌خاە لە لایەن هاوژینەکەی خۆی بە لێدانی چەقۆ لە ماڵەکەیدا کوژرا. هەروەها پیاوێکی تەمەن ٤٧ ساڵیش هەر لەو شوێنە و بە هەمان شێوە بە دەست ئەو کەسەوە کوژراوە.

تەرمی مەتین تەیبی‌خاهی فوومەنی کە دایکی دوو منداڵ بوو ئەمڕۆ لە گۆڕستانی "چوارباخ" لە شاری زێدەکەی خۆی، فوومەن ئەسپەردە کرا. ناوبراو لە شاری ڕەشت ئیشی دەکرد و پیشەکەی جوانکاری بووە.

بەپێی نووسراوەی ماڵپەڕی حکومەتیی هەمشەهری ئانلاین، تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٩ ساڵە و فەرمانبەری یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ڕەشت بووە و دوای کوشتنی ئەو دوو کەسە هەڵاتووە کە دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەر کراوە. میدیا حکومەتییەکان هۆکاری کوژرانی قوربانییان وەکوو زۆر یەک لە ژنکوژییەکانی دیکە بە ناکۆکی و کێشەی خێزانی و تاکەکەسی ڕاگەیاندووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە