ژنکوژی؛ کوژرانی دڵتەزێنی ژنێک بە پاساوی پاراستنی نامووس لە سنە

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٠٩

هەنگاو؛ دووشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ژنێک بەناوی نەرمین پیرهەمەن لەلایەن هاوژینەکەی لە سنە، بە پاساوی "پاراستنی شەرەف ونامووس" و بە بەکارهێنانی چەکی سارد و بە شێوەیەکی دڵتەزێن کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، نەرمین پیرهەمەن، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی "چەم سوو" سەر بە شاری سنە لەلایەن هاوژینەکەی بە ناوی حیشمەت کەلایی لەبەردەمی نووسینگەی ئەو شارەدا بە چەندین زەربەی چەقۆ کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، قوربانی لەدوای داوای هاوژینەکەی بەمەبەستی ئامادەبوون لە نووسینگە بەمەبەستی جیابوونەوە، لەو شوێنە ئامادە بووە و لە شوێنێک هەڵکەوتوو لە نێوان گۆڕەپانی مادەر و شەقامی سیرووسدا بە ٢٠ زەربەی چەقۆ کوژراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە نەرمین پیرهەمەن لە چەند مانگ پێشترەوە ماڵی هاوژینەکەی بەجێ هێشتووە و ڕۆژی ڕووداوەکە، بکوژ بە بیانووی ڕەزامەندیی بۆ جیابوونەوە قوربانیی کێشاوەتە شوێنی ئەو ڕووداوە و لەو شوێنە و لەبەر چاوی خەڵکدا بە چەندین زەەبەی چەقۆ کوشتوویەتی.

میدیا حکومەتییەکان هەواڵی دەستبەسەرکرانی بکوژەکەیان ڕاگەیاندووە و وەکوو زۆربەی حاڵەتەکانی ژنکوژی هۆکاری کوژرانی ناوبراویان بە "کێشەی خێزانی" ناو بردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە