پیرانشار؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی بەیانە فەخری تەبار لە لایەن براکەی بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەڕەف

هەنگاو؛ شەممە ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
ژنێکی گەنج بەناوی بەیانە فەخری تەبار لە لایەن براکەی خۆیەوە لە شاری پیرانشار کوژرا. هۆکاری کوژرانی قوربانی بەوەی بە پاراستنی نامووس و شەڕەف ناو دەبردرێت، راگەیەندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، بەیانە فەخری تەبار، تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاڵاوان سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن براکەی بە بەکارھێنانی چەکی گەرم کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەیانە فەخری تەبار، خێزاندار و دایکی یەک منداڵی سێ ساڵان بوو. هاوژینەکەی بەهۆی ئەوەی بە «پەیوەندی بەیانە لەگەڵ پیاوێکی دیکە» ڕاگەیەندراوە، بڕیاری جودابوونەوە لە هاوژینەکەی داوە کە قوربانی پاش ئەو ڕوداوە لە لایەن براکەیەوە کوژراوە.
شایەنی باسە کە بکوژ دوای کوشتنی خوشکەکەی دەستبەسەر کراوە و بەهۆی ئەوەی باوکیان لە ژیاندا نەماوە و بە ڕاگەیاندنی ڕەزامەندیی دایکی، ڕەوتی ئازادیی لە پرۆسەی دادوەریدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و ئەگەری ئازادیی ناوبراو لە داهاتوویەکی نزیکدا بوونی هەیە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یاساکانی خۆیدا نە تەنیا لە پەیوەندی لەگەڵ کوژران بەهۆی پاراستنی نامووسەوە پاڵپشتی لە ژنان ناکا، بەڵکوو بە سازکردنی کەشی پارێزراویی دادوەری بۆ بنەماڵەی قوربانی، لەوانە سزای سووک بۆ تاوانباران، ڕێخۆشکەری دووپاتبوونەوەی ئەو چەشنە ڕووداوانەیە. هەنگاو سەبارەت بە پێشێلکردنی رێکخراوانەی مافی ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاساییکردنەوەی کوشتنیان لە لایەن بنەماڵەکانیان و هەروەها ئاماری شاردراوەی ژنکوژییەکان هۆشداری دەدات.