دەڕەشار؛ کوژرانی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە پاساوی پاراستنی نامووس لە لایەن باوکیەوە

٦ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٥:٣٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی دەڕەشار سەر بە پارێزگای ئیلام کە ناسنامەی مۆبینا زەینی‌وەند بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە، بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف لە لایەن باوکییەوە بە چەک کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، مۆبینا زەینی‌وەند، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی گورزلەنگەر سەر بە شارۆچکەی ماژینی دەڕەشار، بە دەستی باوکی کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تۆمەتبارەکە بە ناوی ڕەحیم خان، باوکی تەمەن ٥٦ ساڵی مۆبینا زەینی‌وەند بە تەقەی چەکی ساچمەیی کچەکەی خۆی لە ماڵدا کوشتووە.

ئەو سەرچاوەیە هۆکاری کوژرانی مۆبینا زەینی‌وەندی بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە، ئەو کچە قوربانییە بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ کوڕێکی مێرمنداڵدا کوژراوە. بە وتەی سەرچاوەی هەنگاو باوکی مۆبینا بەهۆی ناکۆکی خێزانی نێوان خۆیان و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی مۆبینا، ویستوویەتی کۆتایی بە پەیوەندییەکەیان بهێنێت و لە ئاکامدا هەر بەو هۆیەوە کچەکەی کوشتووە.

میدیا حکومەتییەکان لە ئاماژە بە هۆکاری کوشتنی ئەو کچە مێرمنداڵە، جارێکی دیکە لە دەستەواژەی ناڕوونی "کێشەی خێزانی" کەڵکیان وەرگرتووە و نووسیویانە کە تۆمەتبارەکە چەند کاتژمێر دوای کوشتنی مۆبینا دەستبەسەر کراوە. هەروەها تەمەنی مۆبینایان بە ١٨ ساڵ ڕاگەیاندووە کە بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو تەمەنی ١٧ ساڵ بۆ ناوبراو پشتڕاست کراوەتەوە.

بەپێی ماددەی ٦١٢ی یاسای سزادانی ئیسلامی (سزادان)، هەرکەس تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست ئەنجام بدات و سکاڵای لەسەر نەبێت یان لەسەری بێت بەڵام سکاڵاکەرەکە لە توڵەسەندنەوە لەو کەسە خۆش بێت یان بەر هۆیەکی دیکە تۆڵە نەکرێتەوە، لە ئەگەری ئەوەیدا کە تاوانی ناوبراو پشێوی و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگای لێ بکەوێتەوە یان ترسی نافەرمانیی تۆمەتبار یان خەڵک لەئارادا بێت دادگا سزای سێ تا دە ساڵ بەندکران بەسەر ئەو کەسەدا دەسەپێنێت. ئەو ماددەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە حاڵەتەکانی ژنکوژی بە پاساوی پاراستنی نامووس لە لایەن باوک، برا و مێردەوە، بکوژ لە سزادران بپارێزرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە