ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی ژنێک لە پارێزگای گیلان بە پاساوی پاراستنی نامووس

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٠١

هەنگاو؛ دووشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ژنێک بەناوی نەرگس مووسەوی لە شارۆچکەی سەنگەر سەر بە شاری ڕەشت، ناوەندی پارێزگای گیلان، بەپاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، لە گوندی گیساوەندانی شارۆچکەی سەنگەر سەر بە شاری ڕەشت، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بەناوی نەرگس مووسەوی لەلایەن هاوژینەکەی و بە پاساوی پاراستنی نامووس کوژراوە.

بکوژ بە چەندین زەربەی چەقۆ و قەمە هاوژینەکەی خۆی کوشتووە و خوشکی هاوژینەکەشی بەسەختی بریندار کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەرگس مووسەوی کە دایکی دوو منداڵی ٨ و ١٥ ساڵە، لەم دواییانەدا داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کردبوو. بکوژ دوای کوشتنی ناوبراو دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشتدا دەستبەسەرە. ناوبراو هۆکاری کوشتنی هاوژینەکەی بە "پاراستنی نامووس" ڕاگەیاندووە.

سیاسەتی گشتیی تاوانکاریی کۆماری ئیسلامی لە بابەتی توندوتیژیی خێزانی و ژنکوژی، پاڵپشتی لە ڕەوتی پیاوسالارییە. ئەو سیاسەتە، لەگەڵ بە سزا نەناساندنی توندوتیژیی خێزانی و ناتەبایی لەنێوان سزا و تاوان لەو بوارەدا، و هەروەها نەبوونی پاڵپشتییەکی کۆمەڵایەتی لە ژنان دژ بە توندوتیژی، بووەتە هۆی گشتگیری و ئاسایی بوونەوەی ئەو تاوانانەی کە لە کۆمەڵگادا دژ بە ژنان ئەنجام دەدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە