ڕاپۆرتێک لە دوایین بارودۆخی دیار بەختیاری و مەتین سیاهی، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان

٨ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٤٦

هەنگاو؛ شەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

مەتین سیاهی و دیار بەختیاری، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا سزای بەندکرانەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان تێپەڕ دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەتین سیاهی، تەمەن ٢١ ساڵ و دیار بەختیاری، لە سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵەوە (ناوەڕاستی مارس)، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواستراونەتەوە و تا ئێستا لەو بەندیخانەدا بەسەر دەبەن.

مەتین سیاهی و دیار بەختیاری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی هەر کام سەرجەم سزای ١٥ مانگ و ١١ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٣٠ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندرا کە بەپێی یاسا کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا واتە سزای ٨ مانگ دەستبەسەرکرانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە، ئەو دوو لاوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای پێنج ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کرابوون.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، بەسەختی ئەشکەنجە درابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە